top of page

چۆنیەتی پێشکەشکردنی خوێندنی دکتۆرا لە دەرەوەی وڵات

Jun 2
6 min read

Updated: Jun 13

A quiet winter evening at Michigan State University, 2026.
A quiet winter evening at Michigan State University, 2026.

خوێندنی باڵا لە زۆرێک لە وڵاتانی دەرەوە وەک لای خۆمان لە بەکالۆریۆسەوە بۆ ماستەر بۆ دکتۆرایە. بەڵام لە کیشوەری باکووری ئەمەریکا ئەگەر خوێندکار ئامادەیی زانستی و ئەکادیمی هەبێت ئەتوانێت لە خوێندنی بەکالۆریۆسەوە ڕاستەوخۆ بچێتە خوێندنی دکتۆرا. من خۆم خوێندنی بەکالۆریۆسم لە زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە و دوای چەندجار هەوڵدان بۆ خوێندنی ماستەر و نەتوانین لە بەدەستهێنانی سکۆلارشیپێک کە پشتگیری سەرچاوەی دارایی ماستەرەکەم بۆ بکات دەستم کرد بە پێشکەشکردنی خوێندنی دکتۆرا و توانیم لە زانکۆی میشگیان ستەیت (Michigan State University) ڕاستەوخۆ بۆ خوێندنی دکتۆرا وەربگیرێم. بۆ دکتۆرا؟ لەبەر ئەوەی خوێندنی دکتۆرا بە تەواوی سەرپەرشتی دارایی کراوە. خوێندنی دکتۆرا لێرە هەتا بڵێی قورسە، کات و هەوڵ و کۆششێکی زۆر زۆری ئەوێ، بەڵام زانکۆکان هەموو شتێکت بۆ دابین ئەکەن بۆ ئەوەی تۆ بتوانیت سەرنجی تەواوەتیت لەسەر خوێندن و زانستەکەت بێت. 

 

لەم پۆستەدا، پێم خۆشە چەن زانیارییەک لەسەر چۆنیەتی پێشکەشکردنی خوێندنی دکتۆرا باسبکەم و ئەزموونی خۆم لەگەڵ ئەو زانیارییانەدا تێکەڵاو بکەم. ئەم زانیارییانە بۆ هەر کەسێک ئەبێت کە بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان ماستەری هەبێت. هەروەها، ئەتوانیت سوود لەم زانیارییانە وەربگریت ئەگەر بتەوێت تەنها پێشکەشی خوێندنی ماستەر لە زانکۆکان بکەیت. ئەم نووسینەی من بە هیچ شێوازێک ڕێنیشاندانێکی تەواو نیە بۆ پرۆسەی پێشکەشکردن، ئەگەر مەبەستتە دەست بکەیت بە خوێندن لە ئەمەریکا و ئامادەکاری بکەیت بۆ پێشکەشکردن، ئەوە هەوڵبە سەرنج بخەیتە سەر چەند سەرچاوەیەکی تری کوردی و ئینگلیزیش چونکە بە دڵنییاییەوە شتانێک هەن کە من لێرەدا نەمتوانیوە باسیان بکەم یان بیانپێکم. 

 

تێبینیەکی گرنگ! لە ئێستادا خوێندنی باڵا بە قۆناخێکی جیاوازدا تێپەڕ ئەبێ، سەرچاوەی دارایی زۆر لە بوارەکانی توێژینەوەی زانستی یان بە تەواوی کەمکراوەتەوە، یان زۆر زیاتر کراوە. ئەمە گرنگە، چونکە ئەم سەرچاوە داراییانە دیاری ئەکەن چ بوارێکی خوێندن زۆر خوێندکاری تازە وەر ئەگرن، چەن کورسی دکتۆرا کراوەیە و تۆش چەنێک چانسی ئەوەت هەیە سەرکەوتوو بیت لە وەرگرتنت لە زانکۆ دڵخوازەکەتتدا.

 

سەرەتا

 

خوێندنی دکتۆرا لە زۆرێک لە زانکۆکانی ئەمەریکا بە تێکڕایی پێنج بۆ شەش ساڵی دەوێت بۆ تەواوکردنی. من لێرەدا باسی خوێندنی بواری زانستە سرووشتیەکان ئەکەم، بە تایبەتی بواری زیندەزانی (بایۆلۆجی). خشتەی زۆرێک لە پڕۆگرامەکانی دکتۆرا بەم جۆرەی خوارەیەوە:

 

ساڵی یەکەم و دووەم/

  • تەواوکردنی چەند کۆرسێکی دیاریکراو.

  • پێکهێنانی لیژنەی دکتۆرا.

  • تەواوکردنی زۆرێک لەو سیمینار، ڕاهێنان و پێویستیانەی لەسەرت چاوەڕێ کراوە.

  • تەواوکردنی تاقیکردنەوەی دکتۆرا (کە قۆناخێکی گرنگە و دیاری ئەکات ئەتوانیت بەردەوام بیت لە خوێندنەکەت یاخود نا).

  • وتنەوەی کۆرسێک لە یەک تا دوو وەرز وەکو مامۆستا.

 

ساڵی سێهەم تا کۆتایی/

 

  • بڵاوکردنەوەی چەند توێژینەوەیەکی زانستی کە خۆت نووسەری یەکەم بیت (ژمارەی توێژینەوەکان لە زانکۆ بۆ زانکۆ و پڕۆگرام بۆ پڕۆگرام جیاوازە).

  • تەواوکردنی تێزی دکتۆرا.

  • تەواوکردنی کۆی ئەو ئەرکانەی کە سەرپەرشتیارە زانستیەکەت پێت ڕا ئەسپێرێ.

  • زۆر ئەرک و هەلی تری زانستی کە خۆت بە دوایانەوە ئەبیت.

 

بە گشتی، ئەوانەی سەرەوە تەنها داواکارییە سەرەکییەکان ئەبن. لە هەموو پرۆگرامێکدا زۆر بابەتی وردتر و سەرنجڕاکێشتر هەیە کە خوێندکار خۆی بە دوایانەوە ئەبێت. دواجار زانکۆکان پڕن لە هەلی زانستی، چالاکی جۆراوجۆر، هەلی کارکردن، بۆیە خوێندکار بە چەنەها کاری بچووک و سەرنجڕاکێشەوە سەرقاڵ ئەبێت. 

 

ئەگەر ئامانجەکەت خوێندنێکی بەم شێوازەیە، ئەوە قۆناخی داهاتووت بریتیە لەوەی زانکۆ و پرۆگرامی گونجاوی خۆت بدۆزیتەوە.


 

هەڵبژاردنی زانکۆ

 

پێش ئەوەی بتەوێت پێشکەشی خوێندنی دکتۆرا بکەیت، ئەبێت ئەوە بزانیت ژمارەیەکی ئێجگار زۆر زانکۆ لەم وڵاتانە هەیە، کە سەرچاوەی دارایی و ژمارەی خوێندکار و پرۆگرامەکامی خوێندنییان تەواو جیاوازە. بۆیە ئەبێ لە ناو ئەو هەموو زانکۆیە بتوانیت زانکۆیەکی گونجاو و پرۆگرامێکی نزیک لە بواری بەکالۆریۆس یان بواری ماستەرکەت بدۆزیتەوە. زۆربەی خەڵکی ڕاستەوخۆ دەست ئەکەن بە گەڕان بە ناو زانکۆ زۆر بەرزەکانی وەکو هارڤارد (Harvard)، زانکۆی کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلس (UCLA)، ستانفۆرد (Stanford) یاخود یەیڵ (Yale). بەڵام ئەمە هەنگاوێکی باش نیە، چونکە ئەو زانکۆیانە یەکجار کێبڕکێیان قورسە و چانسی گەیشتن پێیان هەمیشە ڕێژەیەکی زۆر زۆر کەمە. باشترین کار ئەوەیە سەرنج بخەیتە سەر ئەو زانکۆیانەی ئاستی رانکینگیان لە نێوان 50 بۆ 500دایە.

 

خاڵی داهاتوو ئەوەیە بچیتە سەر وێبسایتی ئەو زانکۆیەی پێت خۆشە پێشکەشی بکەیت. لەسەر ئەو وێبسایتە پرۆگرامێک لەسەر بوارەکەی خۆت بدۆزەرەوە. ئەگەر ئەو بوارە بەردەست بێت ئەوا بە گشتی هەموو پرۆگرامێک وێبسایتی تایبەتی خۆی هەیە کە ئەم زانیارییانەی خوارەوەی تیا ئەبێت:

 

  1. دەربارەی کۆلێژ و بەشی خوێندنەکە،

  2. دەربارەی ئەو پرۆفیسۆر و زانایانەی لەو بەشە کار ئەکەن،

  3. دەربارەی پرۆگرامی خوێندنی دکتۆرا،

  4. مەرجەکانی پێشکەشکردنی خوێندنی دکتۆرا،

  5. چۆنیەتی پێشکەشکردن و پێداویستیەکان،

  6. پرسیار و وەڵام لەسەر پرۆگرامی خوێندن،

  7. چەند بەشێکی تری وێبسایتەکە. 

 

لەسەر وێبسایتی پرۆگرامەکان هەموو ئەو زانیارییانە بەدەست ئەهێنی کە ئایا تۆ ئەم بەش و پرۆگرامی خوێندنەت بە دڵە و گونجاوە بۆ تۆ یاخود نا. ئەوەشت بۆ دەر ئەکەوێ کە ئایا ئەو مەرجانەت تیایە کە لەو زانکۆیە وەربگیرێی یاخو نا. 

 

مەرجاکانی پێشکەشکردنی خوێندنی دکتۆرا

 

زۆرێک لە مەرجەکان دیارن و لەسەر وێبسایتی پرۆگرامەکان ئەنووسرێن، بەڵام زۆرێکیش لەو خاڵانەی کە گرنگن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و کێبڕکێکردنا ئاماژەیان پێ ناکرێ. ئەم چەند خاڵانەی خوارەوە زۆر گرنگن:

 

  1. ئەزموونی توێژینەوە. خوێندنی دکتۆرا لە بواری زانستە سرووشتیەکان واتە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، دۆزینەوە و داهێنانی زانستی و بڵاوکردنەوەیان لە گۆڤارە نێودەوڵەتییکاندا. زۆرێک لە سکۆلارشیپەکان کە پاڵپشتی دارایی خوێندنی دکتۆرا ئەکەن لە لایەن پرۆفیسۆرەکانەوە بەدەست ئەهێنرێت و ئەوانیش دیاری ئەکەن پێیان خۆشە چ خوێندکارێک ئەو سکۆلارشیپە وەربگرێت یاخود نا. بۆ ئەم مەبەستە سەرنجێکی زۆر ئەخەنە سەر ئەوەی ئەو خوێندکارانە بۆ دکتۆرا هەڵبژێرن کە هەم نمرەی باشیان هەیە و هەمیش ئەزموونی توێژینەوەیان هەیە لە کاتی خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەردا. ئەم ئەزموونە ئەکرێ بەرهەمەکەی بەشداری کۆنفرانس بووبێ یاخود بڵاوکردنەوەی توێژینەوەیەکی زانستی بووبێ یاخود گرنگترین شتبووبێ کە ئەویش تێگیشتنە لە دنیای زانست و چۆن زانست کارئەکات (کە بەڕاستی قورسە!). ئەگەر ئەزموونت هەیە ئەوە زیاتر و بەهێزتری بکە. ئەگەر ئەزموونی توێژینەوەت نیە، ئەوە داوا لە مامۆستاکانت بکە یارمەتیت بەن و فێرت بکەن. هیچ کات درەنگ نیە، بەردەوام هەوڵبە و تێبکۆشە. 

  2. نووسین. لە کاتێ پێشکەشکردنی خوێندنی دکتۆرا و بەپێی زانکۆکان، داوات لێ ئەکرێ یەک یان چەند وتارێک بنووسی کە باسی ئەوە بکەیت تۆ کێیت، بۆ ئەتەوێ دکتۆرا بخوێنی و بۆچی ئەتەوێ لەم زانکۆیەی ئێمە بخوێنی. من ناچمە وردەکاری ئەم بابەتە چونکە سەدان سەرچاوەی تر لەسەر ئەم بابەتە لەسەر ئینتەرنێت هەیە و باشترین کار بۆ ئەوەی وتاری بەهێز بنووسی ئەوەیە کە خۆت بگەڕێی بە دوای ئەو سەرچاوانەیا. زۆرم پێ خۆش ئەبێ یارمەتی هەر کەسێک بەم بەوەی چاوێک بە وتارەکانیانا بخشێنمەوە و ئامژگارییان بکەم لەوەی چۆن باشتری بکەن. ئەگەر پێت خۆشە ئەوە ئیمەیڵێکم بۆ بنێرە و بە پێی توانا و کاتی خۆم وتارەکەت ئەخوێنمەوە و یارمەتیت ئەیەم. گرنگترین ئامۆژگاریم ئەوە کە زیرەکی دەسکرد بەکارمەهێنە بۆ نووسینی تەواوی وتارەکەت (سوودی لێ ببینە بەڵام دوای هەموو قۆناغەکانی نووسین). خۆت بنووسە و تێکەڵاوی وشەکانی خۆت ببە. دواجار زانکۆکان چەنەها ڕێگە بەکار ئەهێنن بۆ ئەوەی بزانین تۆ شایستەی ئەو جێگایەی یاخود نا. ئەگەر زیرەکی دەستکرد وتارەکەت بنووسێ ئەوە بە ئاسانی ناتوانیت بەرگری لە خۆت بکەیت لە کاتی چاوپێکەوتن. 

  3. مەرجە تەکنیکییەکان. ئەم مەرجانە زیاتر تەکنیکین و گرنگی خۆیان بەپێی پێشکەشکار ئەگۆێ، وەکو:

    1. کۆی نمرەکانت (GPA - Grade Point Average)، 

    2. نمرەی ئاستی زمانی ئینگلیزی (زۆر لە زانکۆ ئەمەریکیەکان بەس تێستی تۆفڵ TOEFL وەرئەگرن) بۆ زۆرێک لە پرۆگرامی دکتۆراکان ئەبێ ئاستی تۆفڵەکەت لە ٩٦ بەسەرەوە بێت. 

    3. نامەی پشتگیری (Recommendation Letters). ئەم نامانە ئەبێ مامۆستاکانت بینووسن. بۆیە هەمیشە هەوڵبە پەیوەندی بەهێزت لەگەڵ مامۆستاکانت هەبێ و وا بکە باش بتناسن هەتا نامەی بەهێزت بۆ بنووسن. ئەگەر نامەکانت لە لایەن ئەو مامۆستایانەوە بێ کە ئەزموونی توێژینەوەت لەگەڵیان هەبووە ئەوە زۆر چانست بەهێزتر ئەکات. 

    4. فۆرمی پێشکەشکردن. فۆرمێکی ئۆنڵاینەوە و جوابی چەن پرسیارێک ئەدەیتەوە و لە ئاخیرا پارەی پێشکەشکردنەکەت ئەدەیت. 

    5. سی ڤی (Resume or CV). هەموو پرۆگرامەکان داوای سی ڤیت لێ ئەکەن کە زانیاری و دەسکەوتەکانتی بە وردی تێدا نووسرابێت. 

    6. بڕوانامەی نمرە و شەهادەی بەکالۆریۆس یاخود ماستەر (Transcripts and Certificate).

 

چەند ئامۆژگارییەک!

 

*** دوای ئەوەی هەموو ئەم شتانەت ئامادە کرد، هەوڵبدە یارمەتی لە چەند کەسێک وەربگرە بۆ ئەوەی چاوێک بە تەواوی پێشکەشکردنەکەتا بخشێننەوە و ئامۆژگارییت بکەن لەوەی چۆن کرۆکی بابەتەکانت بەهێزتر بکەیت.

 

*** دوای ئەوەی هەموو شتێک ئامادە بوو و پێشکەشکردنەکەت ئەنجامدا، دەست بکە بە ئیمەیڵ ناکرن بۆ سێ بۆ پێنج لەو پرۆفیسۆرانەی لەو پرۆگرامەدا هەن کە ئیشەکانیانت بە دڵە و ئەتەوێ کاریان لەگەڵ بکەیت لە کاتی خوێندنەکاتتدا. هەموو ئەم کەسانە ناویان لەسەر وێبسایتی زانکۆکە هەیە. زۆربەیان وێبسیاتی خۆیان هەیە کە هەموو زانیارییەکیان لەسەر خۆیان و تاقیگەی توێژینەوەکانیان داناوە. زۆربەیان ئەکاونتی گووگڵ سکۆلەریان (Google Scholar) هەیە. لەسەریان بخوێنەرەوە و ئیمەیڵێکی کورتیان بۆ بنێرە تیایدا باسی حەزی خۆت بکە بۆ بواری توێژینەوەکەی ئەوان و وردبە لە وشەکانت.

 

 

کۆتا شت!

 

 

دوای ئەوەی پێشکەشکردنی دکتۆراکەت تەواو ئەکەیت. دوو جۆر بڕیار تۆ ئەگرێتەوە. یان بانگهێشت ئەکرێی بۆ چاوپێکەوتن (کە ئەمە مانای ئەوە ئەدات چانسێکی زۆر هەیە وەربگیردرێیت). یاخود نامەیەکت پێ ئەگات کە بەداخەوە ئەمساڵ توانای ئەوەیان نیە تۆ وەربگرن. ئەوەی دووەم ناخۆشە. بەڵام کۆڵ مەیە، تەنانەت باشترین زاناکانیش لە زانکۆ و پرۆگرامی دڵخوازی خۆیان ڕەتکراونەتەوە و دواتر شوێنی زۆر باشتریان دۆزیەوەتەوە. گرنگ بەردەوامی و تێکۆشانە (بە تایبەتی ئەم ڕۆژگارەی ئێستا). 

 

 

ئەگەر بۆ چاوپێکەوتن باگهێشت کرایت. ئەوە باش خۆت ئامادە بکە. بزانە تۆ لەگەل زانا بەتواناکانی سەر ئەم زەوییە گفتوگۆ ئەکەیت. ئەوان سەرنج ئەدەن بزانن چەنێک شایشتەی ئەم خوێندنی دکتۆرایەی. بۆیە چەن ڕۆژێک ڕاهێنان بکە. ئەو شتانەی لە سی ڤی و وتارەکانتا نووسیوتە ئامادە بە زیاتریان لەسەر بڵێیت و ڕوونیان بکەیتەوە. ئامادەبە باسی ئەزموونی توێژینەوە و دەستکەوتە زانستییەکانت بکەیت. گرنگترین شت ئەوەیە ڕاستگۆیانە خۆت پشان بدەیت و خۆت بیت. دواجار، ئەم قۆناخە تێبپەڕێنیت و چاوپێکەوتنەکان سەرکەوتوو بیت، بە چانسێکی زۆرەوە ئۆفەری خوێندنی دکتۆرات پێ ئەگات.

 

هاوکاریکردن 

 

هەوڵبدە سوود لەو وێبسایت و پرۆگرامە نێودەوڵەتیانە ببینە کە هاوکاری و ئامۆژگاری خوێندکارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەکەن لە چۆنیەتی سەرکەوتن لە پێشکەشکردن و چاوپێکەوتنی خوێندنی دکتۆرا. ئەم پڕۆگرامانە سەرچاوە و داتابەیسی زۆر یارمەتیدەریان هەیە بۆ دۆزینەوەی پرۆگرام و بەکارهێنانی سەرچاوەی زۆر. ئەمانەی خوارەوە دوو لەو هەلانەن کە من ئاگاداریان بووم لە ڕابردوودا:

 

 
 
 

Comments


© 2025 by Aram Khoshnaw. Powered and secured by Wix

bottom of page